"به‌كارهێنانی مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك زیادیكردووە"

ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزیری ناوخۆی هەرێم هۆشداریدا لە زیادبوونی بڕی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەم دیاردەیەی لەناو کۆمەڵگادا بە مەترسی کەمتر لە "تیرۆر" وەسفکرد.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین قەیرانەکان کە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە مرۆییەکان دروستکردووە".

وتیشی" ئەم پرسە پرسێکی جیهانییە و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە و هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی لە هەموو وڵاتان".

ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند" ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان، تەحەددایەکی جددیه‌ و کاریگەرییەکەیان کەمتر نییە لە تیرۆر، شەڕی ئەمڕۆمان هەر لەگەڵ تیرۆر و تیرۆریستان نییە، بەڵکو جەنگێکی تریش هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە".

دەشڵیت" لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی ترسناک لە سەرانسەری جیهاندا بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی لەنێو گەنجان و هەرزەکاران، هەروەها بازاڕی ماددە هۆشبەرەکان بووەتە سەرچاوەیەکی داهاتی داهات بۆ تۆڕە تاوانکارییەکان، ئەمەش ئاڵۆزی و توندی قەیرانەکەی زیاتر کردووە".



PM:02:32:29/05/2025