"ناكۆكی داهاتی نەوتی و نانەوتی نابێت ببێتە هۆی خەرجنەكردنی مووچە"

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەپێی دەقی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ناكۆكی داهاتی نەوتی و نانەوتی نابێت ببێتە هۆكاری خەرجنەكردنی موچەی مانگانە". 

ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانی کوردی دەقی ئۆڕجناڵی بڕگەی (شەشەم)ە لە لاپەڕەی (١٥) لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٢٢٤ و موحدتها ٢٦٩/ اتحادية/ ٢٠٢٣) لە ٢١-٢-٢٠٢٤ کە بڕیارێکی ملزمە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان و نابێت هیچ یاسا و بڕیار و نووسراوێک پێچەوانەی ئەمە دەربچێت". 

دەشڵێت" شەشەم: ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دەربارەی جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی کۆماری عێراق ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣، و بە تایبەتی هەردوو ماددەی (١٢ و ١٣)ی یاساکە، نابێت ببێتە هۆکاری سەرەکی خەرجنەکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێم لە کاتی دیاریکراوی خۆی". 

ئامانج ڕەحیم ڕوونیشیکردەوە، هەردوو ماددەی ١٢ و١٣ ی یاسای بودجە پەیوەندیدارە بە داهاتی نانەوتی و پابەندیی نەوتی هەرێم، کە هەردوو حکومەت ناکۆکیان هەیە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەردوو ماددەکە.



PM:12:12:30/05/2025