پارتی بانگهێشتی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی فراوان

پارتی بانگهێشتی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی فراوان و تاوتوێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق و یەکهەڵوێستی دەکرێت

پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاویکردەوە" دەستەی کارگێڕی پارتی بە پێویستی دەزانێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەنوکەیی، کۆبونەوەیەکی فراوان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات".

هاوکات، بڕیارە کۆبونەوەکە سبەینێ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە قەزای پیرمام بەڕێوەبچێت و مەسعود بارزانی – سەرۆکی پارتیش تێیدا ئامادەبێت.

چاوەڕوانیش دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغداد لە نە ناردنی موچەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئەنجامدانی ئەو کۆبونەوەیە لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ وەزیری دارایی عێراق هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردەوە لەوەی چیدیکە ناتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی پارەی موچەی موچەخۆران.

ئەوە لە کاتێكدایە، دوێنێ مەکتەب سیاسی پارتی ڕایگەیاند" ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەنەوە لەوەی حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستورییەکانی هەرێم و ئەگەر تا پێش جەژنی قوربان ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی ڕژدیان دەبێت و ڕایدەگەیەنن".




PM:04:52:30/05/2025