نەوە نوێ: بەشداری کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان ناکەین

ئەمڕۆ هەینی ٣٠ ئایار جوولانەوەی نەوەی نوێی لە ڕیگەی بلاوکردنەوەی ڕوونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی گشتی پارت و لایەنە سیاسییەکان کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی پارتی بەڕێوەدەچێت بەشداری ناکات.

نەوەی نویی لە راگەیەنراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی خەڵکی کوردستانە و پەرلەمان تەنها شوێنێکە بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان.

دەقی راگەیەنراوەکەی جووڵانەوەی نەوەی نوێی

ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتیی

سەبارەت بە کۆبوونەوەی سبەینێ کە سەرۆکی پارتی مەسعود بارزانیی ڕێکخستووە و نەوەی نوێش وەک هێزێکی خاوەن کورسیی و خاوەن پێگە دەعوەت کراوە. ئێمە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە بەشداریی هیچ کۆبونەوەیەکی حیزبیی لەو جۆرە ناکەین. 

لەدیدی نەوەی نوێدا پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی خەڵکی کوردستانە و هەڵبژێردراوی خەڵکە. بۆیە پێویستە پەرلەمانی کوردستان چالاک بکرێتەوە و هەر لایەنێک دەیەوێت کۆبونەوە ڕێکبخات لەسەر ئاستی لایەنە کوردییەکان، ئەوا پەرلەمانی کوردستان تاکە جێگایە کە ئێمە وەک نەوەی نوێ پێیڕازین و فراکسیۆنەکەمان نوێنەرایەتیی ئێمە و دەنگدەرانیشی دەکات و ئامادەیە لە ژێر قوبەی پەرلەماندا کۆببێتەوە، جگە لەوە لە هیچ بینا و بارەگایەکی تر کۆنابینەوە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
 ٢٠٢٥/٥/٣٠




PM:05:32:30/05/2025