ئەو لایەنە سیاسیانەی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن کە بۆ پرسی بڕینی مووچە پارتی رێکیخستووە

پارتی هەموو لایەنەکانی بۆ سبەی شەممە بانگهێشتکردووە تا کۆبوونەوەیەکی باڵا لەسەر پرسی بڕینی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، سازبکەن، ژمارەیە حیزب و قەوارە رەتیانکردۆتەوە بەشداربن، ژمارەیەک لایەنی دیش بەشدار دەبن.

ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە سبەی شەممە لە بارەگای پارتی بکرێت، تا ئێستا بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی " سپی " مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و هەردوو جێگرەکەشی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بەشداری ناکەن، بەرامبەر ئەوانیش یەکێتی لە ئاستی مەکتەبی سیاسیدا تا ئێستا بڕیاری بەشداریکردنی داوە، بەلآم هیچ کام لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی کەسی دوومەی یەکێتیش بەشداری کۆبوونەوە ناکەن. ( بەشدارینەکردنی مەسعود بارزانی و هەردوو جێگرەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەشدارینەکردن و بایکۆتۆکردنی زۆربەی لایەنەکانی تر، بەشدارینەکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش دەگەڕێتەوە بۆ بەشدارینەکردنی مەسعود بارزانی و هیچ کام لە جێگرەکانیان ).

ئەو لایەنانەی بەشدار دەبن، لە پاڵ یەکێتیدا بزووتنەوەی گٶڕان ( کوردسات )، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی، بەرەی تورکمانی و، چەند حیزبێکی بچووکی پێکهاتەکان و حزبەکانی تر کە نزیکن لە پارتی.

ئەو لایەنانەی بەشداری ناکەن؛ نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، هەڵوێست، بەرەی گەل، گۆڕان ( گردی زەرگەتە ).

کۆبوونەوەکە کە بڕیارە لە هەولێر بەڕێوەبچێت پێشبینی دەکرێت لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتیەوە بەرێوە ببرێت.   


 


PM:10:25:30/05/2025