سەرچاوەیەک لە ئونجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشکرای کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی کاتی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوو پێشنیاز لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە خراوەتە بەردەم هەرێمی کوردستان.
میدیای یەکێتی لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە " پەیوەندی تەلەفۆنی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کاتیی مووچەی مووچەخۆران کراوە و دوو پێشنیاز لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە خراوەتە بەردەم هەرێمی کوردستان، ئەوانیش بەشێوەی قەرز واژۆ لەسەر لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران دەکات، بەڵام پێویستە لیژنەی باڵا لەنێوان هەردوولا پێکبهێنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و داهاتەکان، تاوەکو گرفت بۆ مانگەکانی دواتر دروستنەبێت".
جەختی لەوەشکردەوە، تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی ئەو پێشنیازە نەدراوەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی رێککەوتنی سەرەتای شوباتی ئەمساڵ، کە لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان واژۆ کراوە مامەڵە دەکات.
رۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٥ ، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥، هەرێمی کوردستان لە ١٢.٦٧٪ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.
لەکاتێکدا، حکومەتی هەرێم دەڵێت" بەگوێرەی رێککەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە بەغداد بڕی ١٣ تریلیۆن دینار بۆ ٢٠٢٥ رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، کە تاوەکو ئێستا تەنیا چوار تریلیۆن دینار بۆ چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ رەوانە کراوە".