وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە تایبەتە بە داواکاریی بەهەمیشەییکردنی گرێبەستی فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت. وەزارەتەکە دەڵێت، یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی هیچ دەقێکی تیادا نییە کە ڕێگە بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان بدات و گەنجینە بەرگەی بارگرانی دارایی زیاتر ناگرێت.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، کە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥ لەسەرە، وەزیری دارایی عێراق باسی لەوە کردووە، "یاسای بودجە بۆ ساڵانی دارایی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ هیچ دەقێکی تیادا نییە ڕێگە بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان بدات، جگە لەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی لە چوارچێوەی بودجەی ئەنجومەنی نوێنەراندان”.
وەزارەتەکە دەڵێت، "گەنجینەی گشتی توانای هیچ بارگرانییەکی دارایی زیاتری نییە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەدا جێگیر نەکرابێت، ئەوەش بەپێی مادەی (٢٢دووەم)ی یاسای بودجەی گشتی”.
وەزارەتی دارایی عێراق باس لەوە دەکات،" بابەتەکە لەژێر ڕۆشنایی دەقە یاساییەکاندا تاوتوێ دەکرێت، ئەگەر پێویست بکات، ڕەنگە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٦دا جێگیر بکرێت".
لە عێراق زیاتر لە ١١ ملیۆن مووچەخۆر هەن، کە بەگوێرەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق زیاتر لە چوار ملیۆنیان فەرمانبەری دەوڵەتن.
لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ١٥٠ هەزار گرێبەست دیاریکراون کە بەسەر پارێزگاکان دابەشکراون.