لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ئەمرۆی پیرمام راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تیایدا جەختیان لەسەر گفتوگۆو دانوستان وەک باشترین چارەسەر بۆ ئەم قۆناغە کردوەتەوە.
وەک لەراگەیەنراوەکەدا هاتوە ئەمرۆ شەممە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام و بەبەشداری ٤٣ حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا بەمەبەسیتی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی کوردستان و عێڕاق و، کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتیش بریاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگوڕینەوەی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، بەشداربوان هاوڕابوون لەوەی کە بڕیاری نەناردنی موچە بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە.
بەپێی هەمان راگەیەنراو بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق و ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، پێویستە حکومەتی فیدراڵی پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و، مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە کە بۆ ئەم قۆناغە بژاردەی گفتوگۆ و دانوستاندن باشترین ڕێگە چارەیەو لەهەمان کاتیشدا گشت بژاردەکان بە کراوەیی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەهێڵنەوە.