"دەبێت کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت لە چوارچێوەی دەستوور و بودجە"

ئەمڕۆ شەممە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی بۆ پابەندبوونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستوور و یاسای بودجە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کۆبوونەوە. 

نوسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە و  باس لە دۆخی گشتی لەسەر ئاستی نیشتمانی و پێشهاتی سیاسی و ئابوری و پێشخستنی بەرنامەکانی گەشەپێدانی حکومەت کرا، بە تایبەت لە کەرتەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری و وزە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان". 

لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداشەوە دەڵێت" جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی لە چوارچێوەی دەستور و یاسای تایبەت بە پابەندبونی دارایی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپشت بەستن بە ئەو خاڵانەی کە دیاریکراون  لە رێگەی دەستور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر بانگێشتی پارتی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆبوونەوە کە نوێنەری چەند لایەن و هێزی سیاسی ئامادەبوون، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەی بڕیارەکەی حکومەتی فیدراڵی بوو بۆ ڕاگرتنی بودجە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.



PM:07:17:31/05/2025