هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو زانیارییانەی ڕەتکردەوە کە لە ڕاپۆرتێکی میدیایی سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان فەرماندەی گشتی هەسەدە مەزلوم عەبدی، و لایەنە تورکیاییەکان هاتووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە، ئەمشەو یەکشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" لە ڕاپۆرتێکی ئەلمۆنیتۆردا هەندێک زانیاری ناڕاست بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بەوەی کە سەرچاوە ناوچەییەکان چییان بە سایتەکە ڕاگەیاندووە سەبارەت بە پێشنیازێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا یان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات".
هەسەدە لە درێژەی بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاندووە" ئێمە پشتڕاستیدەکەینەوە کە ئەم زانیاریانە هەڵەن، نە سەرکردایەتی هێزەکانمان و نە هیچ وەفدێک کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات لە دیدارەکانی لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشنیازێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە هیچ لایەنێکەوە پێنەگەیشتووە".
پێشتر پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەکردبوو، توركیا پێشنیازی كۆبوونەوەیەكی كردووە لە ئاستێكی باڵادا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق كە هاكان فیدان، وەزیری دەرەوە یان ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری بەشدار دەبن.