گرووپی ( را ) کە گرووپێکی کۆمەڵگای مەدەنییە لە چەمچەماڵ و بەدواداچوون بۆ پرۆژەکان دەکەن، دەڵێن" پڕۆژەیەکی کۆمپانیای بەڕێزی مەلا یاسین لە چەمچەماڵ لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە دروستکراوە پرۆژەی وا خراپ لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا نییە".
ئەمڕۆ یەک شەممە ١ی حوزەیران لەبەردەم دادگای سلێمانی گرووپی کۆمپانیای ( ڕا ) کە زیاتر چالاکییەکانیان لە چەمچەماڵ و گەرمیانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رایانگەیاند" لە ساڵی ٢٠٠٧ ەوە کۆمپانیای بەرێز پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی لە چەمچەماڵ دروستکردووە کەموکوڕی و پێشێلکاری زۆر گەورەی تێدایە کە لە عێراق و هەرێمدا نموونەی نییەو، ماستەر پلانی سەرەتایی یەکەکەی بەتەواوی گۆڕیووەو ژمارەی شوقەکانیان زیادکردووە".
ئەو گرووپە ئاشکرایدەکەن کە ئەو پرۆژەیەی مەلا یاسین خدماتی تێدا نییە؛ نەخۆشخانە، مزگەوت، سەوزاییەکەی زۆر کەمەو، قوتابخانەکەشی بە کابینەی کۆن دروستکردووە.
ئاماژە بەوەش دەکەن کە ئەمان داوای یاساییان تۆمارکردووە کەچی دادگای چەمچەماڵ داواکەیان لێوەرنەگرتوون، کەچی داوای مەلایاسینیان لە دژی ئەو گرووپە وەرگرتووە.