دوو رۆژە وەفدێكی رۆژئاوای کوردستان لە دیمەشق لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوەو، هەردوولا جەختیان لەسەر رێککەوتنی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا کردەوەو، هەردوولا دووپاتیشیان کردەوە کە سەقامگیری وڵات بپارێزن.
وەک میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردۆتەوە، بەپێی لێدوانی وتەبێژی شاندەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەردوو لایەن یەکدیان ناسی، هەروەها بەرنامەیەکی کاری هاوبەش بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان و داڕشتنی میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٥ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ئاماژەش بەوە کراوە، هەردوو لایەن جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە کار بکەن بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی و بەرەوپێشچوونی بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە.
بە مەبەستی گفتوگۆکردنی لەسەر ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ـی ئادار لە نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی لەگەڵ شاندێکی دەسەڵاتی دیمەشق کۆبوویەوە.
شاندەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لە ١٢ـی نیسان بوونیادنرابوو لە فۆزا یوسف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی پەیەدە، عەبدولحامد هەمباش هاوسەرۆکی پارتی سووریای دواڕۆژ، سەنحاریب بەرسوم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی سریانی، ئەحمەد یوسف هاوسەرۆکی دەستەی دارایی لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سۆزدار حاجی، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری (یەپەژە)، مریەم ئیبراهیم هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و کرێکاران لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، یاسر سلێمان جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی گەلانی دیموکراتی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پێکهاتبوو.
نوێنەرایەتی دیمەشق پێکهاتبوون لە محەمەد قەناتری جێگری نووسینگەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، عەبدولغەنی محەمەد بەڕێوەبەریی ئاسایشی پارێزگای حەلەب، مەسعود بەتاڵ بەرپرسی دۆسییەی عەفرین لە بەڕێوەبەریی ئاسایشی ناوخۆ، زیاد فەواز عایش جێگری وەزیری ناوخۆ بۆ کاروباری مەدەنی.