جێگری سەرۆکی پارتی ڕایدەگەیەنێت" سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ئەمریکا دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی ستراتیژی بوو".
مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە میانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە مەراسیمی دەرچوون بۆ پۆلێکی نوێی خوێندکاران لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک، ڕایگەیاند" ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستمان بە زنجیرەیەک چاکسازی هەمەلایەنە کردووە کە تەنها بیرۆکەی تیۆری نین، بەڵکو کاریگەری بەرجەستە و ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خەڵکی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ئەمریکا "دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی ستراتیژی بوو، بەو پێیەی ڕێککەوتن لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای پێشەنگی ئەمریکی لە کەرتی وزەدا واژۆکرا کە بەشدار دەبێت لە ڕەخساندنی هەلی کاری کوالیتی و هاندانی ژینگەی داهێنان و وەبەرهێنان لە ناوچەکەدا".
بارزانی دەشڵێت" بۆ یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا هەرێمی کوردستان شاهیدی گۆڕانکارییەکی ئابوورییە کە تەنها پشت بە نەوت نابەستێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هەمەچەشنکردنی کەرتە گرنگەکانی وەک کشتوکاڵ و خزمەتگوزارییە بانکییەکانە".
هەروەها ئاماژەی بە" پڕۆژەی ژێرخانی گرنگ، لەوانەش باشترکردنی سیستەمی دابەشکردنی ئاو و دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بۆ پاراستنی داهاتووی نەوەکانی داهاتوو کرد".
سەبارەت بە گۆڕینی دیجیتاڵی و زیرەکی دەستکرد، بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا وتی" ژیری دەستکرد و گۆڕینی دیجیتاڵی چیتر چەمکی ئایندەیی نین، بوونەتە واقیعێکی سەرەکی، ئێمە هانی وەبەرهێنان لە ناوەندەکانی داهێنان و بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان زانکۆکان و کەرتی تەکنەلۆژیا دەدەین، هەروەها داوا لە گەنجانمان دەکەین بەشداری ئەم شۆڕشە جیهانییە بکەن".