ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمسیۆنی باڵایی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی چۆنیەتی دەنگدانی ئاوارەکانی شنگال بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" زیاتر لە ٣٣ هەزار ئاوارە زانیارییەکانیان لە ڕێی بایۆمەتری نوێکردۆتەوە".
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ی هەموارکراو، میکانیزمی دەنگدانی ئاوارەکان دیاری کراوە و وەزارەتی کۆچ و وەزارەتی بازرگانی ئاماری ئاوارەکانیان بە کۆمسیۆن داوە".
وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق باسی لەوەشکردووە، ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان مافی دەنگیان هەیە بۆ ئەو بنکەی دەنگدانەی کە لێی ئاوارە بوون، ئەمەش لە ڕێگەی کارتی بایۆمەتریەوە.
ڕاشیگەیاند" ئاوارەکانی شنگال دەنگ دەدەن لەو شوێنەی کە تێیدا نیشتەجێن، جا لە ناو کەمپەکان بن یان دەرەوەی کەمپ، بۆ ئەو شوێنەی کە لێی ئاوارە بوون، لە رێگای کارتی بایۆمەتری دەنگدان".
ئەوەشی خستەڕوو، لە ١٦ کەمپ لە دهۆک و پێنج کەمپ لە هەولێر زانیارییەکانی دەنگدەرانی نوێکردۆتەوە کە ئەو ئاوارانەی تا ئێستا زانیارییەکانیان نوێکردۆتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٣ هەزار دەنگدەر.