مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی عێراق ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار خەرج بکات، بەڵام بەپێی میکانیزمێکی دارایی مەرجدار، لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی پەرەسەندنی قەیرانی دارایی نێوان هەردوولا.
ساڵح بۆ ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدید ڕوونی کردەوە کە دەستپێشخەری خەرجکردنی پارە لە شێوەی قەرزێکی کاتی هەیە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ حکومەتی هەرێم دابین دەکرێت، لەدەرەوەی چوارچێوەی ئاسایی حیساباتی فەرمی، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی خراپتربوونی کاریگەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئەنجامی دواکەوتنی مووچەوە دروست دەبێت.
مەزهەر ڕوونیشیکردەوە، میکانیزمەکە دوو مەرجی بنەڕەتی لەخۆدەگرێت، یەکەمیان بۆ دابینکردنی بودجەیە بەشێوەی قەرز، نەک وەک بەشێک لە باجەکانی دارایی ئاسایی هەرێم. مەرجی دووەم ئەوەیە کە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەولێر پێکبهێنرێت بۆ پەرەپێدانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانی مووچە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ەوە کەڵەکە بووە، پێشبینی دەکرێت ئەم لیژنەیە پێش جەژنی قوربان بگەنە لێکتێگەیشتنێکی ڕوون.
ئەمە لەکاتێکدایە تا ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە ڕەوانە نەکراوە، بەپێی نوێترین لێدوانی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم، هەرکات مووچە ڕەوانە بکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دابەشی دەکەن.