مستەفا کازمی: بە جێبەجێکردنی سیستەمی کۆنفیدڕاڵی هەرێم لە کێشەی مووچە ڕزگار دەبێت

سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بە پێدانی كۆنفیدڕاڵی، كوردەكان دڵنیاییان پێ‌ دەدرێت" و دەشڵێت" سیستمی پەرلەمانی زیانی هەیە و زۆرێك لە سەركردەكان داوای سیستمی سەرۆكایەتی دەكەن، بەلام بۆ كورد زیانی هەیە".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە نوێترین چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا لە كەناڵی(سۆمەریە) ڕایگەیاند" سیستمی پەرلەمانی زیانی زۆری بە عێراق گەیاندووە، زۆرێک لە سەرکردەکان سیستمی سەرۆکایەتی بۆ عێراق بە گونجاو دادەنێن، بەڵام ئەوەی لێرەدا زەرەرمەند دەبێت کوردەکانن".

دەشڵێت" لە ئەگەری گۆڕینی سیستمی عێراق بۆ سەرۆکایەتی پێویستە لەگەڵ کورد ڕێکبکەوین، ئازادیان پێبدەین پێیان بڵێین، ئێوە لە ناوچەکانی خۆتان ئازادن، تەنها لە دوو مەسەلەدا هاوبەشین ئەوانیش سیاسەتی دەرەوە و بەرگریی لە وڵات، ئەمەش دەبێتە نمونەیەکی سەرکەوتوو و لە چەند وڵاتێكی وەک بەریتانیا و سکۆتلەندا ئەزموون کراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد" بە جێبەجێکردنی کۆنفیدڕاڵی، هەرێم لە کێشەی مووچە و کۆمەڵێك کێشەی دیکە ڕزگاری دەبێت و دڵنیایی بە كوردەكان دەدرێت".

كازمی، پێشنیاری گواستنەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە فیدڕالیزمەوە بۆ کۆنفیدڕاڵی، یان فیدراسیۆنێکی گەورەتر، بۆ دڵنیاکردنەوەی کورد، کە مافەکانی پارێزراو دەبێت. بەم شێوەیە کێشە هەڵپەسێردراوەکان، وەک مووچە، چارەسەر دەکرا. جەختیشی لەوە کردەوە، کە چارەسەر لە گۆڕینی سیستەمی سیاسیدایە.

كازمی داوای کرد "سیستمێکی نوێی سەرۆکایەتی عێراق بە پەرلەمان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە لە هیچ ساتێکدا هەڕەشەی لێ نەکرێت. پێویستە کورد لە سیستەمی سەرۆکایەتی دڵنیا بکرێتەوە و زیانی پێناگات. ئەم دڵنیاکردنەوە دەتوانرا بە پێدانی کۆنفیدڕاڵییان بەدەست بهێنرێت".




PM:05:35:02/06/2025