تەقەکەرەکەی بەردەم دادگای هەولێر دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ لە بەردەم دادگا تەقەی لە زاواکەی خۆی کرد و برینداریت کرد لە ئێستادا دەستگیرکراوە". 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ڕووداوێکی تەقەکردن لە دەرەوەی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر ڕوویدا کە بووە هۆی برینداربوونی کەسێک بەناوی ( ٱ. ع. م) کە زاوای تۆمەتبارە، لە دوای ڕووداوەکە تۆمەتبار لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایکردووە، بەڵام دوای کەمتر لە ١٠ خولەک لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکرا". 

پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دەست بەسەر دوو چەکی جۆری دەمانچە و کڵاشنکۆف، هەروەها ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان _ پیکابدا گیرا کە دوای لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوت، ڕووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتی ڕوویداوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی گرفت و کێشەدا هەرگیز پەنا نەبەنە بەر کاری توندوتیژی، بەڵکو ڕێگا بدەن تاکو دادگا کەیسەکانیان یەکلاییدەکاتەوە.



PM:10:34:02/06/2025