لە ئێران پێنج بەندکراو لە سێدارە دران

سزای سێدارەی پێنج بەندکراو لەوانە دوو هاوڵاتی کورد بە تۆمەتی "پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان و کوشتنی بە ئەنقەست" لە دۆسیەی جیاوازدا لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار و هەمەدان جێبەجێکرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دووشەممە سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی کۆیەشت بە ناوەکانی عەلی رەزا شەهبازی، تەمەن ٤٥ ساڵە و باوکی دوو منداڵ و عەلی کەریمی نەسر و بەندکراوێکی دیکە بە ناوی عەلی عەباسی، خەڵکی ئەفەسریەی تاران، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێکرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی عەباسی، پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، عەلیرەزا شەهبازی و عەلی کەرەمی نەسر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستگیرکران و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو.

هاوکات ڕێکخراوی هەنگاو دەڵێت" سزای سێدارەی دوو بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی نەوید هوداڤەند خانی، هاوڵاتی لوڕ و نەعیم ناسری کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی هەمەدان جێبەجێکرا، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بۆ جێبەجێکرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکە کەسی گواسترابوونەوە". 



PM:11:30:02/06/2025