نوێترین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی سودانی لەسەر موچە ئاشکرا دەکرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت" سودانی پێیوتین ناتوانین دڵنیاییتان بدەمێ پێش جەژن مووچە بنێرم، چونکە ئەوەی تا ئێستا پارەمان ناردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم بووە".

موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی زانیاری ئاشکرا دەکات و رایگەیاند" سودانی پێیوتین ناتوانین دڵنیاییتان بدەمێ پێش جەژن مووچە بنێرم، چونکە ئەوەی تا ئێستا پارەمان ناردووە لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم بووە و لەوە زیاتر ناتوانم ئەو بەرپرسیارێییە هەڵگرم، چونکە ئەرکی منە بەرگریی لە مافی هەموو عێراقییەکان بکەم".

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سودانی ناوبراو جەختیکردەوە، کە هەرێم پابەندنییە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە تەوتین، ناردنی داهاتی ناوخۆ، کێشەی دەروازە سنوورییەکان، فرۆشتن و بەتاڵانبردنی نەوت، ناتەواوی لە لیستی مووچەدا هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، سودانی بەڵێنیدا هاوکاریی تەواو بکات، خۆشی داوای لە دادگای باڵای فیدڕاڵی کردووە کە روونکردنەوەیەکی دیکەیان بداتێ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، هیچ گرنگی بەو موزایەدانە نادات کە دەکرێن، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتییە و لە ئاست بەو بەرپرسیارێتییەدایە.

لای خۆشییەوە نوسینگەی ڕاگەیاندنی، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند" سودانی لەگەڵ شاندی فراکسیۆنی یەکگرتوی ئیسلامی کۆبونەوە، جەختی کردەوە لەوەی پێویستە سەرجەم داواکاری و پێویستی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێبکرێت." 

بەپێی ڕاگەیندراوەکە، سودانی ئاماژەی بەوەکردوە کە پێویستە لە چوارچێوەی یاسا و دەستور پاپەندبونە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدرێت واتا لە چوارچێوەی یاسایی بودجە و دادگای فیدڕاڵی بێت. 





PM:02:21:03/06/2025