كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق مەرجەكانی وەرگرتنی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە و دەڵێت: فەرمانبەران و دەرچووانی دانەمەزراو لە عێراق و هەرێم دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە.
بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و بۆ ئەوەش كۆمسیۆن فەرمانبەران و دەرچووانی دانەمەزراو دەكاتە كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان، كە بۆ فەرمانبەران بڕی ١٥٠ هەزار و بۆ دەرچووانی دانەمەزراو بڕی ٢٥٠ هەزار دیناریان پێ دەدات.
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا مه‌رجه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕاگه‌یاند، كه بۆیان هەیە داواكاری بۆ بوون بە كارمه‌ندی سه‌رسندوقه‌كانی ده‌نگدان پێشكه‌ش بكه‌ن.
بەپێی راگەیاندراوەكەی كۆمسیۆن مەرجەكان به‌مشێوه‌یە دەبێت:
– له دایكبووی ساڵی ١٩٧٠ به‌ره‌و ژوور بێت تاوەكوو ساڵی ٢٠٠٦ و فه‌رمانبه‌ر، قوتابی و ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگاكان بێت.
– ئەگەر فەرمانبەری حكوومەت بێت دەبێت نزمترین بڕوانامه ئاماده‌یی بێت.
– بۆ دەرچووانی دانەمەزراو نزمترین بڕوانامه دەبێت دبلۆم بێت.
– داواكار خاوه‌نی كارتی ده‌نگدانی درێژخایه‌ن بێت.
– دانیشتووی ئه‌و پارێزگایه بێت كه ده‌نگی تێدا ده‌دات.
– داواكاری له‌سه‌ر بنه‌مانی شوێنی جوگرافی ناوه‌ندی تۆماركردن پێشكه‌ش ده‌كرێت.
– داواكار له‌و كه‌سانه نه‌بێت كه بڕیاری سزادانیان و پاداشت نه‌كردنیان له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه ده‌رچووه.
– كه‌سی نزیكی كاندیدی هه‌مان پارێزگا نه‌بێت وه‌ك (باوك، دایك، كوڕ، كچ، خوشك، برا، ژن، مێرد، مام، ئامۆژن، خاڵ و خاڵۆژن).
– داواكار به‌ڵێننامه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات كه رێوشوێنه‌كانی لێپرسینه‌وه و دادوه‌ری نایگرێته‌وه و پێشتر دادگا سزای تاوانباركردنی نه‌دابێت و ئه‌ندامی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان نه‌بێت و نوێنه‌ری حزبه سیاسییه‌كان و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان نه‌بێت له رۆژی ده‌نگداندا.
لای خۆشیەوە، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆن دەڵێت: لیژنەیەك بۆ هەڵبژاردنی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێكهێنراوە، فەرمانبەران و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی ٤٢ هەزار كارمەندی سەر سندووق دادەمەزرێندرێن، ناوەكانیش بەشێوەی تیروپشك هەڵدەبژێردرێن.
ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت.