ئیدارەی خۆسەر پشووی جەژنی قوربانی ڕاگەیاند، هاوکات ڕێوشوێنی ئەمنی بۆ ڕۆژانی جەژن ڕاگەیاند و دەڵێت" هاتوچۆی سەرنشینەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە".
ئەمڕۆ سێشەممە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە فەرمانێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەوە تا ڕۆژی دووشەممە ٩ی حوزەیران سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەکان دادەخرێن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە ئەو لایەنانە ناگرێتەوە کە کارەکانیان پێویستی بە بەردەوامی خزمەتگوزاری هەیە لە ماوەی پشوودا.
هاوکات لەگەڵ پشووی جەژن، وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارەیەک ڕێوشوێنی ئەمنییان ڕاگەیاند بۆ دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر و سەلامەت کە بریتین لە:
- هاتنی بارهەڵگر و تانکەری گەورە و مامناوەند لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە تا نیوەشەوی ڕۆژی هەینی قەدەغە دەکرێت.
- لە یەکەم ڕۆژی جەژندا هاتوچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی بە تەواوی ڕادەگیرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ دیاریکردنی شوێنی گونجاوی وەستانی ئۆتۆمبێل.
- دەروازە سنوورییەکان بەڕووی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی بازرگانیدا دادەخرێن لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی پێنجشەممە تا کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە، جگە لە ڕێکخراوە مرۆیی و فریاگوزاریەکان، هەروەها بارهەڵگرەکانی فریاگوزاری پزیشکی و تەندروستی.
- هاتوچۆی سەرنشینەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
- ماتۆڕسکیلی مەدەنی و سەربازی لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە تا کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی شەممە قەدەغە دەکرێت.
- لە جەژندا تەقەی چەکی ئاگرین و چەک قەدەغە دەکرێت.
- چاودێری توندتر لە سەرجەم ناوەندە ئەمنییەکان و بازگەکان جێبەجێدەکرێت، هاوکات کۆبوونەوەی گەورە قەدەغە دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گشتی.