جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بڕینی مووچە پێش جەژن ناحەقییەکی گەورەیە دەرهەق بە خەڵکی کوردستان دەکرێت".
شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمشەو سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای فشارەکانی ئێمە وتی بابڕیارێک لەدادگای ئیتحادییەوە بێت بۆ ئەوەی بتوانم مووچە سەرف بکەم، بەڵام تائێستا ٨ ئەندامیان بەردەستە و نەبوونەتە ٩ دادوەر بۆ ئەوەی دانیشن و بریارێکی وەلائی بدەن بۆ سەرف کردنی مووچە وتی ئەو بریارە بدرێت زۆر باشە".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت" لێرەوە دەمەوێت ڕوونکردنەوەیەک بدەم لەسەر ناردنی مووچە بەتایبەتی پێش جەژن، هەڵبەتە هیچ کات نەمانویستوە هەوڵەکان و کۆبوونەوەکانمان باسبکەین و بەخەڵکی خۆمانی بفرۆشینەوە، چونکە بەئەرکی خۆمان زانیوە، بەڵام بۆ ئاگاداری هەموو لایەک کاتێک مووچەی مانگی ٤ چوار دواکەوت رۆژی ٦ ی مانگی ئایار کۆبوونەوەیەک رێکخرا لەنوسینگەی سەرۆک وەزیران بەئامادەبوونی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و کاک دکتۆر فواد و بەندەو کاک بەنگین دوای دوو کاتژمێر بڕیار درا لە ماوەی دوو رۆژ مووچەی مانگی چوار بنێرن و مووچە رەوانە کرا".
شاخەوان عەبدوڵا ڕاشیگەیاند" بۆ ئەم مانگەش دوای بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق دەستمان بە گفتوگۆ کرد لەگەل سەرۆک وەزیران چەندین پەیوەندیمان ئەنجامدا دواجار رۆژی یەکشەمە واتە پێش دوو رۆژ کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا زیاد لەدوو کاتژمیری خایاند سەرۆک وەزیران و کاک دکتۆر فواد و بەندەو کاک بەنگینیش ئامادە بوو بۆ باسکردن لەتەواوی وردەکارییەکان و گرفتی تەکنیکی و دارایی و هۆکاری نەناردنی مووچە، کۆبوونەوەیەکی شەفاف بوو و پەیامی سەرۆک بارزانیمان گەیاند کە ناکرێت لەژێر هیچ پاساوێک مووچەی خەڵک ببڕدرێت و بەتایبەتی ئێمە لەبەردەم جەژنین".
وتیشی" یەکێک لە بیانووەکان کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆی بوو، وتم ئەویش هۆکارەکەی بەغدایە بە هۆی ئەو بازگەو سەرانە وەرگرتنەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دانراوە بازرگانەکان کاڵاکانیان دەبەن لەدەروازەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئیتحادی داخلی ناوەڕاست و باشووری دەکەن و بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنورییەکان ١٠٠ ملیار دینار مانگانە کەمی کردووە و بەهۆی کەمی جوڵەی بازگارنیش زەریبە و رسوماتیش دابەزیوە، لە مەلەفی نەوتیش وتم بەرێز سوودانی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی نەوت هەڵگرن بادەست بەهەناردە بکرێتەوە ئەو کات ئەو مەلەفە دادەخریت و ئیتر لەلایەن حکومەتی ئیتحادی هەناردەکرێت و ئیستهلاکی ناوخۆی هەرێمیش دابین دەکرێت و ئێستا لە قۆناغی کۆتایین، دوای ئەم گفتوگۆیانە وتی باشە با دادگا بڕیارێک بدات ئەمریکی وەلائی لەسەر سکاڵایەک دەربکات منیش مووچە سەرف دەکەم".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هێمای بۆ ئەوەشکرد" هەوڵەکانمان ئەم جارە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاراستەی چارەسەری یەکجاری ئەم کێشەیە ئەگینا ئەنجامەکەی باش نابێت".