فەرماندەی هێزەکانی حەفتا: ئامادەکارییەکانی یەکخستنی پێشمەرگە تەواوبوون

فەرماندەی هێزەکانی ٧٠، ڕایگەیاند" سەرجەم ئامادەکارییەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەیان تەواو کردووە و ئامادەن بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

عومەر ساڵح حەسەن، فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کۆڵۆنێڵ ئاماندا، پاشکۆی نوێی سەربازیی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زۆر گرنگە و هێزەکانی ٧٠ سەرجەم ئامادەکارییەکانی یەکخستنەوەی تەواوکردووە، بەڵام کۆمەڵێک ئاستەنگ بوونەتە بەربەست لە بەردەم کارەکانیان.

عومەر ساڵح حەسەن، ئاماژەی بەوەشکرد، ئامادەکارییەکان بۆ چوونەسەر وەزارەتی پێشمەرگە تەواوکراوە و لە ئێستادا هێزەکانی ٧٠ ئامادەن بەفەرمی بچنەسەر وەزارەتەکە.

لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ ئاماندا، جەختی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و ئەمریکا کردەوە، بە ئامانجی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵ و بەندەکانی ناو یاداشتنامەی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.

پێشتر لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بڕیارە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی بێت، بەڵام ئاڵنگاریی سیاسی و دارایی ڕێگرن لەبەردەم پرۆسەکەدا.

پێشتریش ئەمریکا هۆشداری بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە دابوو، کە تا کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ هێزەکان یەکبخرێنەوە و کۆتایی بە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە بهێنن.

لەماوەی رابردوودا هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوبەشی پرۆژەیەکی ٣٥ خاڵییان بۆ یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی داڕشت، تا ئێستا چەند لیوایەکی پیشمەرگە ڕێکخراون و بەشێک لە خاڵەکانی دیکەی پرۆژەکە جێبەجێ نەکراون.



PM:12:01:04/06/2025