گومرگی هەرێم وەڵامی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق دەداتەوە دەڵێت" هێرشی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە" خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان دەکەن، هەرێمی کوردستان سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕیوەبردنی دەروازە سنورییەکان هەیە کە بەشێوەیەکی یاسایی داهاتەکان کۆدەکرێنەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە عێراق هەیە کە سیستمی دەروازە سنورییەکان بە خراپی بەڕێوەبردن ناسراون".
دەشڵێت" هێرشی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی کوردستان بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان".