پەرلەمانی عێراق لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت"بەداخەوەین بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق".
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی حوزەیران لە بەیاننامەیەکدا، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" بەداخەوەین بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق کەبووەهۆی بڕینی مووچەیا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم ڕێوشوێنە زیان بە هاووڵاتیانی هەرێم دەگەیەنێت و قەیرانی ئابووری دروست دەکات، هاوکات پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە، کە مافی هەموو هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکاندا زامن دەکات.
سەرۆکایەتی پەرلەمان داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات بڕیارەکە پێچەوانە بکاتەوە، و دەڵێت” پێویستە بڕیارەکەتان پێچەوانە بکەنەوە، بەتایبەتی کە ئێمە لە سەروبەندی جەژنی قوربانداین. نابێ بژێوی و شایستەیی خەڵک بە پرسە سیاسی و تەکنیکییەکانەوە ببەسترێتەوە”.
لەبەیاننامەکەدا هاتووە، دانوستان و لێکتێگەیشتن باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.