وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، کەمال محەممەد، وەڵامی راگەیاندنەکەی وەزارەتی نەوت دەداتەوەو دەڵێت" ئێستا بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی کوردستان ٣٠٠ هەزار بەرمیلە کە ١٨٠ هەزار بەرمیل بەرهەمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ١٢٠ هەزار بەرمیلیش بەرهەمی کۆمپانیاکانە.
وەزیری سامانە سروشتییەکان رۆژی پێنج شەممە وەک وەڵامدانەوەی بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق کە تۆمەتباری کردوون بە فرۆشتنی نەوت بە قاچاخ، بە میدیای نزیک پارتی کوردستان ٢٤ ی راگەیاندووە دەڵێت " بەر لە وەستانی هەناردەکردنی، ڕۆژانە هەرێمی کوردستان ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەکرد، لەوەتەی هەناردەکردن وەستاوە، پێنج کێڵگە بە تەواوی لە بەرهەمهێنان وەستاون، تەنها ٩ کێڵگە ماون لە کۆی ١٤ کێڵگە کە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن".
دەربارەی گڕیبەستە نوێکانی گاز و نەوتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە بەم دوایانە ئەنجامدرا، کەمال محەمەد دەڵێت " لەنێوان ١٨ بۆ ٢٤ هەفتەی دیکە، ئەو کێڵگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمەریکا گرێبەستی لەبارەوە کردوون، دەست بە بەرهمهێنان بکەن".
وەزیری سامانە سروشتییەکان دەشڵێت " ئەو نەوتەی لە کێڵگەکانەوە دەگوازرێتەوە پاڵاوگەکان، خەڵکێک پێی وایە نەوتەکە دەبردرێتە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەی لە سنوورەکان چاودێریی هەیە، وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، جگەلەو سێ پاڵاوگەیە، نەوتمان بە هیچ لایەکی دیکە نەداوە، دوای پاڵاوتنی نەوتەکەش لەو پاڵاوگانە کە دەگەیەندرێتە وێستگەکانی کارەبا و کارگەکانی ئاسن و چیمەنتۆ، خەڵک پێی وایە ئەو تانکەرانەی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی، وا دەزانن دەبردرێتە دەرەوەی کوردستان".
" هەرێمی کوردستان نەوت بە قاچاغ نافرۆشێت، ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت و دەبێتە موشتەقات لە پاڵاوگەکان، لە خەڵکی خۆمان و حکوومەتی عێراقیشمان نەشاردووەتەوە".( کەمال محەمەد وا دەڵێت ).
لە راگەیاندنێکدا ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ ی حوزەیرن وەزارەتی نەوتی عێراق سووربوونی خۆی لەسەر بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە کە باسی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن، دووپات دەکاتەوە. جەختیش دەکتەوە کە مافی خۆیان دەپارێزن و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دژی هەرێم .