نوری مالکی لە دیدار لەگەڵ فواد حسێن جەختیکردەوە لەوەی پێویستە سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد جارەسەر بکرێت ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیری لە عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی حوزەیران فواد حسێن، وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای كردو كۆبونەوە، لە كۆبونەوەكەدا مالیكی جەختی كردۆتەوە كە پێویستە سەرجەم كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.
هەروەها لە كۆبونەوەی نێوانیاندا، تاوتوێی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكەو گرنگی بەهێزكردنی رۆڵی عێراق لەسەر هەردو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی كراوە.
لای خۆیەوە، نوری مالیكی جەختی كردۆتەوە لە پێویستی چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەولێر لەڕێگەی گفتوگۆوە ئەوەش لەپێناو پاراستنی سەقامگیری دۆخی سیاسی و دۆزینەوەی تێگەیشتنێكی هاوبەش كە هێزە سیاسییەكان كۆبكاتەوەو ببێتە مایەی بونیادنانی قۆناغێكی نوێ كە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە كۆڵەكەكانی بن.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نوری مالیکی بەشێکە تێیدا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا هیچ جۆرە بڕیارێکیان بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەڕیم دەرنەکرد و تەنها جەختیان لە پێویستی جێبەجێکردنی یاسای نەوت و غاز کردەوە...