CPT: سەڕەرای بڕیاری چەک دانانی پەکەکە هێرشەکانی تورکیا زیادیانکردووە

بە گوێرەی ڕاپۆرتی تیمی کوردستانی - عێراقی CPT سەبارەت بە هێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا،  لە مانگی ئایاردا سوپای تورکیا ٥١٠ هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەمجاداوە.

سەڕەرای بڕیاری چەک دانانی پەکەکە لەسەر بانگەوازی ئۆجەلانلەسەردەمی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هێرشەکانی تورکیا بۆسەر کوردستان بەردەوامە بە بە پێی راپۆرتی تیمی کوردستانی-عێراقی cpt  تەنیا لە مانگی ئایاردا سوپای تورکیا (٥١٠) هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، بەمەش ڕێژەی بۆردوومانەکان لەو مانگەدا، بە ڕێژەی (١٤٣٪) بە بەراورد بە مانگی نیسان زیادیکردووە و بە ڕێژەی (٣٣٢٪) بە بەراورد بە مانگی ئادار زیادیانکردووە. 

راپۆرتەکە دەری دەخات کە سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، بۆ سەر پارێزگای دهۆک بووە و تەواوی هێرشەکان بۆ سەر قەزای ئامێدی لەو پارێزگایەدا چڕکراونەتەوە. بەشێوەیەک (٩٨٪)ی بۆردوومانەکان بۆسەر قەزای ئامێدی بوون و (٢٪)ی بۆردوومانەکان بۆ سەر قەزای زاخۆ بوون.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە  هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئایاردا، (٤٥٨) هێرش لە ڕێگەی تۆپباران و (٣٦ ) هێرش لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و (١٦) هێرشی تر لە ڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بووە. 

 سەرجەمی هێرشەکانی سوپای تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا، (١،٠١٤) هێرش و بۆردوومانە و زۆرترین هێرشیش کە لە ڕۆژێکدا تۆمارکرابێت، (٩٤) هێرشە کە لە ڕۆژی ١٢ی ئایار، ڕۆژی ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، تۆمارکراوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ١٢ی ئایار پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی ١٢ـەمینی کۆنگرەی حزبەکەی ڕاگەیاند کە لە نێوان ٥ بۆ ٧ی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەڕێوەچوو و تێیدا  بۆ بەرەپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی بڕیاریدا چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشاندەوە.




AM:09:19:07/06/2025