کەشناسی پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و خۆڵبارین دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی کەشوهەوای چوار ڕۆژی داهاتووی ڕاگەیاند و تیایدا پێشبینی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و هەور و با دەکات کە دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تۆز و خۆڵ. 

لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە" سبەی دووشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە باشووری ڕۆژهەڵات با لە ناوچەکانی باشوور چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی زریان و خۆڵ، هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور کەمێک بەرزدەبنەوە". 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی عێراق، رۆژی سێ شەممە ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور، بایەکی سووک بۆ مامناوەند، لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور چالاک دەبێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی زریانی خۆڵ، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک دادەبەزن لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ رۆژی چوارشەممەش ئاسمان بەگشتی ساماڵ و گەرم دەبێت لەگەڵ هەندێک پەڵە هەور، پلەکانی گەرما هاوشێوەی ڕۆژانی پێشوو دەبن لە سەرتاسەری وڵاتدا.

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کەشناسی باسی لەوەکردووە، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور ئاسمان ساماڵ و گەرم دەبێت، و لە ناوچەکانی باکووریش ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە لە سەرتاسەری وڵاتدا.



PM:08:20:08/06/2025