دەستەی پەروەردەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق سەبارەت بە پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بۆ پرۆگرامەکانی خوێندنی ڕژێمی پێشووی سوریا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
دەستەی پەروەردەی ئیدارەی خۆسەری دیموکرات، ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بە پشتبەستن بە بەرپرسیارێتی هاوبەشمان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەی خوێندن و دەستەبەرکردنی مافی خوێندکاران لە هەموو ناوچەکانی سوریا، هەروەها لەسەر بنەماکانی هاوکاری و یەکخستنی نێوان دامەزراوە پەروەردەییەکان، دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە ڕۆژانی ٥-٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دەسەڵاتی پەروەردە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وەزارەتی پەروەردەی سوریا گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەم ڕێکارانەی خوارەوە بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکە، پرۆسەکە بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی خوێندکاران و داهاتووی پەروەردەیی ئەوان بکات".
مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە:
دواخستنی تاقیکردنەوەکانی قوتابیانی قۆناغی ناوەندی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، بۆ ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥.
دروستکردنی لیژنە هاوبەشە کاتییەکان بۆ چاودێری بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەستەبەرکردنی شەفافیەت و پیشەیی لە بەڕێوەبردنی تاقیکردنەوەکاندا.
کردنەوەی سەنتەری تۆمارکردنی تاقیکردنەوە هاوبەشەکانی کاتی بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی ناوچە جیاجیاکان و ئاسانکاری بۆ ڕێکارەکانی ناو تۆمارکردنیان بەپێی ستانداردە پەسەندکراوەکانی خوێندن.
ناو تۆمارکردن لە بەرواری ١١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەستپێدەکات تا ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت.
ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ناو تۆمارکردن بۆ ئەو خوێندکارانەی ناویان تۆمارکراوە لە دەرەوەی هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستەبەرکردنی بەردەوامی مافی تاقیکردنەوەکانیان بەبێ بەربەست.
ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان لە شەش شاری گەورە کە بەسەر پێنج پارێزگادا دابەشکراون: قامیشلۆ، حەسەکە، ڕەقە، دێرەزۆر، تەبقە، و کۆبانی (سەرین)، بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ مەرجە لۆجستیەکان و دڵنیابوون لە دەستگەیشتن بە ئاسانی بۆ خوێندکاران.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەی پەروەردە و فێركردنی ئیدارەی خۆسەر جەختی كردۆتەوە كە ئەم ڕاگەیاندراوە پابەندبونیان نیشان دەدات بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی ئارام و تەندروست بۆ هەموو خوێندکارانی سوری، هەروەها پابەندبونیان بۆ کاری هاوبەش دوپاتدەکاتەوە بۆ باشترکردنی پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمە جیاوازەکان.