گروپە چەکدارەکانی سوپای تورکیا دوو هاوڵاتی کوردیان لە گوندی کاوەندەی سەر بە عەفرینی داگیرکراو ڕفاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە ئاژانسی هاوار نیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە" گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە خۆیان بە ئەحرار شەرقیە ناساندووە، هێرشیانکردووەتە سەر دوو هاوڵاتی کورد کە بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە لە حەلەبەوە هاتبوون و ڕفاندوویانە".
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو ئەو کەسانەی ڕفێندراون، ناسنامەی ڕەشید سەیدۆ بەکر، نازناوی (ئەبو فەرحان) و کوڕەزای، عەقید بەکر، خەڵکی گوندی کاوەندە لە ناحیەی ڕاجوی سەر بە عەفرینی داگیرکراو زانراوە.
هاوار نیوز ئەوەشی خستەڕوو، گروپە چەکدارەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلی هاوڵاتی عەقید بەکریان دزیوە و دوای ئەوەی لەژێر هەڕەشەی کوشتندا دەستیان بەسەر کلیلەکانی ئەو هاوڵاتییە ڕفێندراوەدا گرتووە.