لەبارەی ئەو زانیارییانەی گوایە ئیدارەی بەنداوی دوکان لەژێر فشاری بەغدادا بەڕێژەیەکی زیاتر لە ڕۆژانی پێشوو ئاو بەردەداتەوە، پەیجی فەرمی بەنداوی دوکان سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت" سەرجەم زانیارییەکان بێ بنەمان".
شەوی دووشەممە ٩ ی حوزەیران، پەیجی رەسمی بەنداوی دوکان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە" هەر زانیاریەکی هایدرۆلۆجی و ڕێژەی ئاو و بەردانەوە و داهاتی بەندوای دوکان بە تەنها لە ڕێگەی لێدوانی بەڕێوەبەرەوە یان ئۆفیسی بەنداوەکەوە دەبێت و ناو بە ناویش بە زمانی ژمارەکان ڕوونکرنەوەی پێویستمان داوە و درێغیمان نەکردووە، بە پێچەوانەوەشەوە هەر لێدوان و ڕاپۆرت و زانیارییەکانی تر بێجگە لەوە نادروست و بێ بنەما دەبێت".
ئەم ڕوونکردنەوەیە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دوو شەممە چەند ڕاپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئاماژەیان بەوە کردبوو کە ئاوی بەنداوی دوکان ماوەیەکە لە ژێر فشاری بەغداد بە ڕێژەیەکی زیاتری لە جاران بەردەدرێتەوە.
بەنداوی دوکان گەورەترین بەنداوی هەرێمە، لەسەر ئاستی عێراقیش سێهەم بەنداوە، دوای بەنداوی موسڵ و حەدیسە. توانای گلدانەوەی ٧ ملیار مەتر سێ جای هەیە، ئەم بەنداوە بەهۆی کەمی باران و گرتنەوەی ئاوی زێی بچووکەوە لەلایەن ئێرانەوە، ئەمساڵ ئاوەکەی کەمی کردووە و لە ئێستادا بەرێژەی ٢٤٪ ئاوی گلدراوەی تێدایە.