وەزارەتی کارەبا: پارە بۆ بەشێک لە هاوڵاتییان دەگەڕێنینەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکومەت ١.٤ ملیار دینار بۆ ئەو خێزانانە دەگێڕێتەوە کە بەشێکن لە پڕۆژەی رووناکی". 
 
ئەمشەو سێشەممە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە" بڕی ١.٤ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی رووناکی بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، لە ئەنجامی ئەمەشدا، زیاتر لە ٦٠ هەزار خێزان کە کارەبای ٢٤ کاتژمێریان هەیە، سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت دەیگەڕێنێتەوە بەشێوەی کرێدت (رصيد) بۆ پسوولەی مانگی پێنج". 
 
ئاماژی بەوەشکردووە، ئەمەش وادەکات زیاتر لە ١٠ هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەم بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسوولەی کارەبای مانگی پێنج، بەم شێوەیەش بە تێکڕا، هەریەکێک لەم ماڵانە تاوەکو ٢٠ هەزار دینار بەشێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تاوەکو نزیکەی ٨٠ هەزار دیناریش وەردەگرنەوە. 
 
وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەم هەنگاوە، ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە پێشتر پارەیەکی زیاتریان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجوومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسەندی کرد". 
 
وەزارەتی کارەبای هەرێم دەشڵێت" بڕیارەکە ئەو هاوڵاتییانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبوون لە پاڵپشتی حکومی بەرێژەی ١٥% لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە چەند هەفتەی رابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کرا، ئەمەش وەکو پاڵپشتییەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر پاڵپشتیی مانگی یەکەم بەرێژەی ٥٠% و مانگی دووەم بەرێژەی ٢٥%". 
 
ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ، نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسند کرد، لە ئەنجامدا ئێستا ٨٠%ی هاوڵاتییان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابینکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هاوڵاتیان. 



PM:07:46:10/06/2025