"عێراق بەشێوەیەکی نا یاسایی بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی داوە"

جێگری سەرۆکی پارتی ڕایدەگەیەنێت" عێراق بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی داوە". 

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی، ئەمشەو سێشەممە لە میانی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند" بەرپرسانی عێراق بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان داوە". 

دەشڵێت" ئەم بڕیارە بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بوەستێت". 

بارزانی ڕاشیگەیاند" پێویستە بەرپرسانی عێراق واز لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی هاوڵاتییان بێنن، چونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت". 

جێگری سەرۆکی پارتی وتیشی" لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت". 



PM:09:34:10/06/2025