"پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداد لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاریکارییە"

باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت" پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر بنەمای دیالۆگ و هاریکارییە و هەردوولا رژدن کێشەکانیان بە دانوستاندنی بنیادنەرانە چارەسەر بکەن". 

عەباس کازم عوبێد باڵیۆزی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ سێشەممە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە دۆخی عێراق، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە، هەردوولا رژدن لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەکان لە رێگەی دانوستاندنی بنیادنەرانە". 

وتیشی" هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمان نوێنەرایەتی دەرفەتێکی چارەنووسساز دەکەن بۆ خەڵک بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان". 

ئاماژەی بەوەشکرد، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کردووە کە لە عێراقدا بەدەست هاتوون. 

سەبارەت بە پرسی ئاوارەکانی ناوخۆ، نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتیکردەوە کە" حکومەتی عێراق گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی ناوەندەکانی ئاوارەکانی کردووەتە ئەولەویەت".

هەروەها ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکان کرد بۆ دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەیان بە سەلامەتی و شکۆمەندانە بۆ ناوچەکانیان.



PM:10:09:10/06/2025