ئەو بەرپرسەی رەگەزی زەویەکەی سان شۆرش ئیسماعیلی گۆڕیووە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە..( دۆکۆمێنت )

‌وێنەی پرۆژەکە دوای گۆڕنکاریەکە کە ئێستا ١٩ نهۆمە
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی پێشانداوە بە گۆڕینی جۆری پرۆژەی ( سان شۆڕش ئیسماعیل ) لە بازرگانی و گەشتیارییەوە بۆ نیشتەجێبوون، پێچەوانەی ئەو گرێبەستەی کە پێشتر لەگەڵ شارەوانی پێشووی سلێمانییەدا کردوویەتی، هەر ئەمەش رێگای داوە پرۆژەکە  کە دەکەوێتە سەر شەقامی شەست مەتری لە بناری چیای گۆیژە، لە شەش نهۆمیەوە بکات بە ١٩ نهۆم.

لە بەدواداچوونەکانی ماڵپەڕی " سپی میدیا " دۆکۆمێنتێکی دەستەی وەبەرهەمهێنانی هەرێمی دەستکەوتووە کە لە خوارەوە کۆپیەکەی دادەنێت، تیایدا هاتووە " سەبارەت بە داواکاری وەبەرهێنەر ( سان شۆڕش ئیسماعیل )، بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت رەزامەندن بە گۆڕینی سێکتەری ( ٢) تاوەری پرۆژەی ئاماژە پێکراو لە سێکتەری ( بازرگانی و گەشتیاری ) بۆ ( نیشتەجێبوون ) و زیادکردنی نهۆمەکان بۆ ١٩ نهۆم، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای وەبەرهەمهێنان".

ئەو دۆکۆمێنتەی دەستەی وەبەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢٠٢٤/٤/٢ دەرچووە و واژۆی ( د. محەمەد شوکری محەمەد )ی لەسەرەو بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهەمهێنانی سلێمانی نێردراوە.

پێدانی ئەم زەویە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆکی پێشووی شارەوانی سلێمانی، بە گوێرەی نوسراوی ژمارە ٥٣٧٣ لە رێکەوتی٩/١١/٢٠٢٠ کە لە لایەن توانا کەمال جەلال، بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی سلێمانی ئاراستەی وەبەرهێنانی سلێمانی کراوە، زەوییەک کە رووبەرەکەی ٤٦٩٠ مەترە بۆ سان شۆڕش ئیسماعیل، کوڕی وەزیری پێشمەرگە تەرخانکراوە تا بکرێت بە پرۆژەیەکی وەبەرهەمهێنان کە پێکهاتبێت لە کافێ و ریستورانێتێکی براندی جیهانی، لە گرێبەستەکەدا جەخت کراوەتەوە کە نابێت بیناکە لە شەش نهۆم زیاتر بێت. 

بەپێی بەدواداچوونەکانی " سپی " لەسەر دەمی دوو ئیدارەیدا بڕیارێکی ئەو دەمەی سەرۆکایەتی هەرێم ( سلێمانی ) هەبووە کە لەلایەن جەلال تاڵەبانی کە پۆستەکەی وەک سەرۆکایەتی هەرێم بووە لە دەڤەری سلێمانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە نابێت هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەسەر شەقامی شەست مەتری لە بناری گۆیژە بکرێت، هەروەها نابێت هیچ بینایەکیش لە شەش نهۆم زیاتر بێت.    


PM:06:48:11/06/2025