حکومەتی هەرێم: بەغدا ١١ ساڵە گەمارۆیی ئابوری و سیاسی و دارایی خستوەتە سەر هەرێم

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" ١١ ساڵە بەغدا گەمارۆیی ئابوری و سیاسی و دارایی خستوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، حکومەتی بەغداد دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی و بچوكبونەوە ببات".

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت" لە چەند ساڵی رابردودا، حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و دارایی و ئابوورییەکان، گەمارۆی خستووەتە سەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچوککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان کردوە."

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە"بەغدا لە جیاتیی هاوبەشی و رێککەوتن، هەموو ئامڕازێکی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان، خستوەتەگەڕ و ماوەی ١١ ساڵە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری داوە مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت بەبێ دواکەوتن"،  دەشڵێت" بەڵام حکومەتی فیدراڵ هەموو مانگێک، مووچەی دواخستووە و هیچ ساڵێکیش هەر ١٢ مووچەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە."

ئاماژەی بەوەش کردوە، لە دوایین بڕیاری ستەمکارانە و سزادانێکی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا، مووچەی هەشت مانگی ساڵی ٢٠٢٥ نەنێرێت، لەکاتێکدا لە ١٣ ترلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٥، تەنیا چوار ترلیۆن دینار نێردراوە.




PM:09:14:11/06/2025