لە کامپی مەخموور کارەسات روو دەدات

زیاتر لە ٣٠ ساڵە ١٠ بۆ ١٢ هەزار ئاوارەی باکووری کوردستان لە دۆخێکی کارەساتبار لە کەمپی مەخموور دا نیشتەجێین و  زیاتر لە هەزار نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە و لە هیچ شوێنێک هاوکاری و جارەسەر ناکرێن.

سەرتیپ جەوهەر ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی باشووری کوردستان لە وتارێکدا شرۆڤەی دۆخی کامپی مەخموور دەکات و دەڵێت" زیاتر لە 30 ساڵە هەموو بەیانییەك بەئومێدی گەڕانەوە رۆژ دەكەنەوە، ٣٠ ساڵە لەگەڵ هەموو خۆرئاوابونێك چاو لەڕێگەی گەڕانەوەن، هەموو ئێوارەیەك ئومێدی دیدارێكی نیشتیمان بەدیار روو لەنیشتیمان رادەمێنن. هەندێكیان خەمی دوریی و غوربەت پیری كردن و لێرە سەریان نایەوە، هەندێكیشیان لەدووریە لەدایكبون و بەڵام نە زەوی لەخۆیان دەگرێت و نەئاسمان! لەم ئاوارەیی و غەریبیە بێ‌ ناونیشان ژیان بەسەر دەبەن! ئەمانە، خەیاڵی گەڕانەوە بۆ زێدی باپیرانیان كردووە بەسرودو گۆرانیی و لەگەڵ گزنگی دەم بەیان تا ئاوابوونی خۆرەتاو بەردەوام دەیڵێنەوە".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەشیدا سەرتیپ جەوهەر لەبارەی بارودۆخی کامپەکەوە دەڵێت" تا ٢٠١١ ئاژانسەكانی سەربەنەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوە بیانییەكان هاوكاری كامپەكەیان دەكرد، دواتر ئەو یارمەتیان بەتەواوی نەما، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ماوەیەك هاوكارییەكی كەمی بۆ پەروەردەو تەندروستیی و بڕێك پارەی مانگانە شتێكی دیكەی بۆ دابینندەكردن. پێشتر نزیكەی ٣٠٠ فەرمانبەرو مامۆستای كامپ بەگرێبەست لەسەر میلاكی پەروەردەو تەندروستی هەرێم دامەزرابوون و مانگانە ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزاریان وەردەگرت، بەڵام لەدوای ٢٠١٤ و بەهۆی ئەو قەیرانە دارایی و زۆربەیان دەستبەرداری كاركردن بوون. پێشتر مانگانە نزیكەی ١٥ ملیۆن دینار بۆ شارەوانیی و پاككردنەوەی كامپ لەلایەن حكومەتی هەرێم دابیندەكرا، بەڵام ئێستا كەمكراوەتەوە بۆ نزیكەی 5 ملیۆن دینار، ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ هاوكارییەك پێشكەشی ئەو كامپە ناكات."





PM:11:39:11/06/2025