بڕیارە لە سەرەتایی هەفتەی داهاتوودا خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت.
بەدر بن حەمەد ئەلبوسەیدی وەزیری دەرەوەی عومان، ڕایگەیاند" خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ڕۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو لە مەسقەتی پایتەخت ئەنجام دەدرێت".
هەروەها ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی،سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە" ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی، ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەسقەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی وەڵامی تاران بۆ دوایین پێشنیاری ئەمریکا".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەری بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی دانوستانەکان بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو لە بەرەو پێشچووندایە.
هاوکات ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووش دەوڵەتی ئێران ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئامادەکارییەکان بەردەوامە بۆ گەڕی شەشەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا کە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە عومان بەڕێوەدەچێت.
لە نوێترین پێشهاتیشدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دا کە گەشت بۆ عێراق نەکەن، "بەهۆی ئەوەی لە عێراق هاوڵاتییانی وڵاتەکەی رووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی و رفاندن".