بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت" بڕی ئەو گەنمەی دەخرێتە بازاڕەوە گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠ هەزار تۆن".
حەسەن حەمدی بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکوک، ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕایگەیاند" لە سەرەتای وەرزی بە بازاڕکردنەوە تا ئێستا بڕی ئەو گەنمەی کە دەخرێتە بازاڕەوە بۆ سایلۆکە گەیشتووەتە نزیکەی ١٧٠ هەزار تۆن، هاوکات پێشبینیدەکرێت لە ماوەی وەرزی ئێستادا بگاتە ٥٠٠ هەزار تۆن".
حەمدی ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژانە سایلۆی کەرکوک نزیکەی ٣٧٥ بارهەڵگری گەنم لە جوتیارانی ناوەوە و دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی وەردەگرێت.
جەختیشی لەوەکردەوە کە، پرۆسەی بە بازاڕکردن لەمساڵدا بەشێوەیەکی باش و ڕێکوپێک بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی وەرگرتنی شایستەی جوتیاران، حەمدی ڕوونیکردەوە، وەزارەتی دارایی بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئەو تەرخانە داراییانە کە دواتر دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی، لە بەرامبەردا بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو خشتەی خەرجکردنەکان ڕادەگەیەنێت.