پارەی گەنمی جوتیاران دابەشدەکرێت

قۆناغی دووەمی پیدانی پارەی گەنمی جووتیاران لە عێراق دەستیپێکرد.

وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردەوە، بودجەی پیویست بۆ قۆناغی دووەمی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ بەرهەمی گەنمی ساڵی ٢٢٤ی تەرخانکرا، کە بڕی ٥٠٠ملیار دینارە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، بە پشتبەستن بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەت و ڕێنماییەکانی وەزیری دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشی ژمێریاری وەزارەت دەسیکرد بە خەرجکردنی بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ دابەشکردنی بەسەر جووتیاران لەپای پیدانی بەرهەمی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم ڕێکارە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەتدایە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی نەختینەی دارایی کە سەقامگیری بارودۆخی جووتیاران مسۆگەر دەکات و پاڵنەرێکە بۆ بەردەوامبوون لە چاندنی بەروبوومی ستراتیژی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، ئەو بڕە پارانەی کە بڵاوکراونەتەوە بریتین لە پارەی بەڵگەدار کە بەپێی پێویست لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە نێردراوە، کە بەپێی ڕێکارە داراییە پەسەندکراوەکان خەرجدەکرێت، دڵنیابوون لە گەیاندنی ڕاستەوخۆیان بۆ جووتیاران بەبێ دواکەوتن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمی کاری وەزارەت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەردەوامن لە چاودێریکردنی ڕێکارەکانی خەرجکردن بۆ دڵنیابوون لە گەیاندن و دابەشکردنی بەسەر ئەوکەسانەی لە لیستەکاندا ناویان هاتووە.



PM:05:43:12/06/2025