حزبی دیموکرات: مانەوەی رژێمی کۆماری ئیسلامی دۆخەکە بەرەو خراپی دەبات


حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند" . ئەوەش کە ئێستا لە ئێران ڕوو دەدا، بەرهەمی سیاستەکانی کۆماری ئیسلامییە و بە مانەوەی ئەم ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا ئەم دۆخە بەرەو خراپبوونی زیاتریش دەچێ، بۆیە یەکەم مەرجی ڕزگاربوونی گەلانی ئێران لە چنگ ئەو هەمووە قەیران و وێرانی و ڕۆژڕەشییە کۆتایی‌هێنان بەتەمەنی ئەم ڕێژیمەیە".

 رۆژی هەینی ١٣ ی حوزەیران حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە بارەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە لە بڕگەیەکیدا هاتووە" کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەهۆڵی شەڕ دەکوتێ، کە ئەو شەڕە شەڕی گەلانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نیە؛ بەڵکوو شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە هەتا ئێستا هەموو سامان و دارایی خەڵک و وڵاتی ئێرانیان بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانیان بەفیڕۆ داوە و قەیران لە دوای قەیران بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی وڵات بە دیاری دێنن".

لە درێژەی راگەیاندنەکەدا هاتووشە" کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ماهییەتی شەڕخوازانە و قەیرانخوڵقێنیی خۆی و لەسۆنگەی سیاسەتی شەڕفرۆشی و ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهانی، ئەمجارەیان بڵێسە و ئاگری شەڕی هێنایە نێوخۆی وڵات. ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە کە ئامادە نیە مل بۆ هیچ پەسندکراو و ڕێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی ڕابکێشێ، ڕێز لە سەروەریی سیاسیی وڵاتانی دیکە بگرێ".

راگەیەندراوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران: 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی ئیسڕائیل لە چەند شەپۆل هێرشی بەربڵاودا چەند بنکەیەکی سەربازی و ئەتومیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە چەند شارێکدا بۆمباران کرد، هەروەها چەند زانایەکی ئەتومی و کۆمەڵێک فەرماندەری پلەبەرزی سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی کوشت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی ماهییەتی شەڕخوازانە و قەیرانخوڵقێنیی خۆی و لەسۆنگەی سیاسەتی شەڕفرۆشی و ناسەقامگیرکردنی ئەمنییەتی ناوچەیی و جیهانی، ئەمجارەیان بڵێسە و ئاگری شەڕی هێنایە نێوخۆی وڵات. ئەم ڕێژیمە تێرۆریستە کە ئامادە نیە مل بۆ هیچ پەسندکراو و ڕێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی ڕابکێشێ، ڕێز لە سەروەریی سیاسیی وڵاتانی دیکە بگرێ و خەڵکی ئێرانی وەک قەڵغانێک بۆ بردنەپێشی سیاسەتە چەوت و دژە‌گەلییەکان بەبارمتە گرتوە، بەرپرسیاری هەموو قەیرانەکانی ئێستا و ئەو دۆخەیە بەسەر وڵاتدا سەپاوە.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەهۆڵی شەڕ دەکوتێ، کە ئەو شەڕە شەڕی گەلانی ئێران و بەرژەوەندییەکانی ئەوان نیە؛ بەڵکوو شەڕی دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامییە کە هەتا ئێستا هەموو سامان و دارایی خەڵک و وڵاتی ئێرانیان بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانیان بەفیڕۆ داوە و قەیران لە دوای قەیران بۆ خەڵک و کۆمەڵگەی وڵات بە دیاری دێنن.

خەڵکی ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بە بەردەوامی بە ڕێگای جۆراوجۆری وەک بایکۆتکردنی بەناو هەڵبژاردنەکان، مانگرتن، ناڕەزایەتی‌دەربڕین و خۆپێشاندانی جەماوەری بەتایبەت لە بزووتنەوەی ژینادا دەنگی خۆی بە کۆمەڵگەی جیهانی گەیاندوە و بەئاشکرا ڕایگەیاندوە کە ئەم ڕێژیمە هیچ شەرعییەتێکی سیاسی و گەلیی نیە و لە شێوەی جۆراوجۆردا ئیرادەی خۆیشی بۆ تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی نواندوە.

 ٤٧ ساڵ دەسەڵاتی ڕەش و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی ئاکامەکەی تەنیا تێرۆر و کوشتنی ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی وڵات، سەرکوتی هەمەلایەنەی ماف و ئازادییەکانی خەڵک، وێرانی و پاشکەوتوویی وڵات لە ڕووی ئابووری و ژینگەیی و کەڵەکەبوونی سەدان قەیرانی سیاسی و مرۆیی و کۆمەڵایەتی لەسەر یەکتری بووە. ئەوەش کە ئێستا لە ئێران ڕوو دەدا، بەرهەمی سیاستەکانی کۆماری ئیسلامییە و بە مانەوەی ئەم ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا ئەم دۆخە بەرەو خراپبوونی زیاتریش دەچێ، بۆیە یەکەم مەرجی ڕزگاربوونی گەلانی ئێران لە چنگ ئەو هەمووە قەیران و وێرانی و ڕۆژڕەشییە کۆتایی‌هێنان بەتەمەنی ئەم ڕێژیمەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران




PM:10:53:13/06/2025