پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان، دەمپارتی، رایدەگەیەنێت" هێرشەکانی ئیسرائیل دەبنە هۆی قووڵبونەوەی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوا دەکات، دانوستاندن بکرێتە بنەمای چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و قەیرانەکان".
ئەبرو گونای و بەدران ئۆزتورک، هاووتەبێژانی دەمپارتی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند" هێرشەکانی ئیسرائیل هاوکات لەگەڵ بەردەوامی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، ڕێگری لە هەوڵەکانی چارەسەری دەکات و دەبێتە هۆی دروستبونی ناوچەیەکی نوێی شەڕ و ململانێ و خەڵکی مەدەنی زیانیان پێدەگات".
لە بەیاننامەکەی دەمپارتیدا، ئاماژە بەوەش کراوە" هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییە چالاکەکانی ئێران، دەبێتە هۆی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی و ئەم جۆرە هێرشانە، نەک تەنیا گەلی ئێران، بەڵکو گەلانی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە". دەشڵێت" ئیسرائیل بە هۆی ئەوەی لە بواری جوگرافیەوە دوورە، هێرش ئەنجام دەدات و هیچ بەرپرسیارێتییەک لەئەستۆ ناگرێت".
دەمپارتی لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا داوای لە ئەمریکا و ئیسرائیل کردوە، دەستبەجێ کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن کە دەبێتە هۆی کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بگەڕێنەوە سەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.