بەرگری شارستانی هەرێم لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند" لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر سێ حاڵەتی خنکان ڕوویانداوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی هەرێم ئامارەكانی خنكانی بەمشێوەیە ڕاگەیاند:
١. خنکانی گەنجێک لە زێی گەورە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر – قەزای خەبات (تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە).
٢. خنکانی گەنجێک لە زێی گەورە لەسنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە ناوی (موهەنەد ئیسماعیل) تەمەن ٢٠ ساڵ (لە ماوەی نیو کاتژمێر تەرمەکەی لەلایەن تیمەکانی ژێرئاوی بەرگریی شارستانیمان لە ئاکرێ دەرهێنرا).
٣. خنکانی منداڵێک لە سنووری قەزای چۆمان بە ناوی (محەمەد سیروان)، تەمەنی پێنج ساڵە و خەڵکی گوندی مامزاوەیە لە پارێزگای هەولێر، تیمەکانی ژێرئاوی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران توانییان بە کەمتر لە ٢٠ خولەک تەرمەکەی بدۆزنەوە.
بەرگری شارستانی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا تەرمی سێ قوربانی کە لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستاندا خنکاون نەدۆزراونەتەوە لەوانەش:
١. گەنجێک بە ناوی (نێچیرڤان) تەمەنی ١٧ ساڵە و بەگوێرەی زانیاریی کەسوکارەکەی پێشبینی دەکرێت تەرمەکەی لە باکووری کوردستانەوە هاتبێتە ئاوەکانی سنووری هەرێمی کوردستان.
٢. تەرمی (مامۆستا ئاڤێستا) تا ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی سۆران بەردەوامن لە گەڕان.
٣. تەرمی منداڵێک لە دێرەلووک لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی پارێزگای دهۆک.
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا بەرگری شارستانی هەرێم داواش لە هاوڵاتییان و دایكان و باوكان دەكات، دوورکەونەوە لە مەلەکردن لە ئاوەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە شوێنەکان بە هیچ شێوەیەک شیاوی مەلەکردن نین و ڕێگا مەدەن منداڵەکانتان بە مەبەستی مەلەکردن یاخود بۆ گەشت و سەیران بچنە ئەو ناوچانەی ئاوی لێیە.