فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ئەو هاوڵاتییانەی لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ گیریان خواردووە ڤیزای ترانزێتیان پێدەدرێت".
کەمێک پێش ئێستا فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ڕوانگەی پەرۆشیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییانەی کە لە فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ گیریان خواردووە، لە رێگای لیژنەیەکی تایبەت لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووین بۆ ئەوەی بە رێگای وشکانی ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکرێت بە تایبەت ئەوانەی ڤیزایان نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، لە قوناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیە توانرا ڤیزای ترانزێت بۆ نزیکەی ٣٠٠ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت، ئەمڕۆ ٥٠ کەس بە هەماهەنگی و هاوکاری سەرپەرشتیار و بەڕپرسانی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل- خابوور داخڵی هەرێمی کوردستان بوون و تا شاری هەولێر پاسیان بۆ دابینکرابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگای کونسوڵگەری گشتی تورکیا لە شاری هەولێر ئاگادارکرانەوە کە هەموو هاوڵاتییەکی هەڵگری پاسپۆرتی عێراقی لە هەر وڵاتێک بێت و بیەوێت بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، بە گەیشتنیان بۆ وڵاتی تورکیا ڤیزای ترانزێتی پێنچ رۆژەیان پێدەدرێت.