سەرۆک کۆمار دەربارەی مووچە لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبووەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆک کۆمار د. لەتیف ڕەشید، پێشوازی لە جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای فیدراڵی کرد لە بەغدا.

لە دیدارەکەدا باسیان لە پتەوکردنی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کرد کە زامنی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکیەکانە.

جەختیشیان لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەری کۆتایی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەم پرسە مرۆییە بە پێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کردەوە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمرایگەیاند"  کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی مووچە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی حوزەیران و دەستپێکردنەوەی دەوامیی فەرمی دەکەن".

باسی لەوەشکرد بڕیارە ڕۆژی دووشەممە دادگای فیدراڵی لە بارەی سکاڵاکەی فەرمانبەران و پرسی مووچەی هەرێم بڕیار بدات.

لە ٢٨ ئایار بەغداد بە پاساوی تەواوبوونی پشکی هەرێمی کوردستان خەرجکردنی مووچەی راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانی بە تەواوەتی ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد و داوای فەرمانسالاری دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنی مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانی ٢١ شوباتی ٢٠٢٤ کە تێیدا لەسەر سکاڵای چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەولێری بە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا پابەندکرد.

دواتر  وەزیری  دارایی عێراق  تەیف سامی  رایگەیاند" پێویستە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان هانبدرێت بۆ پەلەکردن لە بەجێکردن بەبانکیکردنـی مووچە و رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، تاوەکو بتوانرێت مووچەکانیان خەرج بکرێت".





AM:11:36:15/06/2025