کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوا دەكات کومیتەی بەرێوەبەری هاوبەشی هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێكبهێنرێت، هەروەها دەشڵێت" بهگرنگی دهزانین حزب و رێكخراوه سیاسییهكان به ئهركی خۆیان ههستنهوه".
بەپێی راگەیەندراوێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆبونەوەی بەرفراوانی کومیتەی ناوەندی ئەو حزبە سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و گۆڕانکیاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکان و بەتایبەت دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوەچوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە" بە گرنگمان زانی لەم قۆناغەدا هەموو حێزب و رێکخراوە سیاسیەکان دوور لە هەر جۆرە کێشە و جیاوازییەک، بە ئەرکی خۆیان هەستنەوە و پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێ تا بە کۆدەنگی و یەکگرتوانە بزاڤی خەڵکی کوردستان رێبەری بکەن".
هەروەها كۆمەڵە دەشڵێت" کومیتەی ناوەندی جەختی لە سەر پێکهێنانی کومیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی هەمو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ لە باشور کردەوە تا بتوانن وەڵامی شایستە به داخوازی بەرینی خەڵکی کوردستان بۆ یەکگرتویی حێزبەکان بدەنەوە و بە کەمترین خەسار، ئەم قۆناغەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان تێپەرێنن".
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەرلەمبارەوە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە زوترین کات پلاتفۆرمی پێشنیارکراوی خۆی پێشکەشی حیزبەکان دەکات.