یەکێتی ئیدانەی هێرشەكانی سەر ئێران دەكات

نووسینگەی سەرۆكی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەكانی سەر ئێران دەكات و دەڵێت" خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەكی هەمیشەیی هەیە". 

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی بڵاویکردەوە" ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی سه‌ر ئێران ده‌كه‌ین كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی زیادكردنی ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ هه‌مانكاتدا پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای سه‌روه‌ری عیراقیشه‌". 

دەشڵێت" ئەو كارانە بنچینەكانی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان لاوازدەكەن و دەبێتە هۆی ئەوەی مەترسییەكی زیاتر بخاتە سەر ئەو بارودۆخە هەستیارەی كە لە ناوچەكەدا هەیە". 

نووسینگەكەی بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە" ئەمەی ئێستا ڕوودەدات تەنها كارێكی بێباكانە نییە، بەڵكو بەئامانجگرتنی بەئەنقەست و پەكخستنی ئەو دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییانەیە، كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەستی پێكردوون". 

نووسینگەی سەرۆكی یەكێتی هێمایی بۆئەوەشکردووە" هەوڵەكانی ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتێكی ناوەڕاستی هاوسەنگ و سەقامگیر، لەڕێگەی گفتوگۆ و دایالۆگەوە بوونەتە هۆی دانانی بناغەیەك بۆ بەرەوپێشچوون بۆ داهاتوو، ئەم كارانەش هێرشێكی ڕاستەوخۆن بۆسەر ئەم هەوڵانە". 

هەروەها داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات" هەنگاوی راستەوخۆ بنێت بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی زیاتر، خەڵكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە ئاشتییەكی هەمیشەیی هەیە، ئەمەش تەنها لەرێگای دایالۆگ و گفتوگۆوە دەستدەكەوێت". 

نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە" هەرێمی كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت و بە ئاشتی بمێنێتەوە، هەموو هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ دڵنیابوونەوە لە پارێزگاریكردن لە خەڵكەكەمان و ئەو سەقامگیرییەی، كە زۆر بە جددی كارمان بۆ كردووە، تەنانەت لەو كاتانەشدا كە ئاڵۆزی چواردەوری گرتووین". 



PM:07:38:15/06/2025