پەرلەمانتارێکی پارتی: ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرسی مووچەی هەرێمەوە دەکرێت

پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" بۆ خەرجکردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کەشوهەوایەکی باش دروست بووە، چەند کۆبوونەوەک کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی دادگای فیدراڵی بکات، بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا" ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، ئومێدیشمان هەیە دادگای فیدراڵییش بڕیارێکی باش دەربکات و بە ئەمرێکی وەلائی لەسەر دارایی عێراق واجب بکات كە مووچە خەرج بکرێتەوە".

ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە" ئێمه لە بەغدادین زۆرترین پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و تەمویلکردنی دارایی هەرێمی کوردستان لەلایەن دارایی فیدراڵەوە، چونکە وردبینی لە لیستی مووچە تەواو بووە و تەنیا ماوەتەوە پارەکە خەرج بکرێت".

شەوی ڕابردوو، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بەشداریی کۆبوونەوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو، رایگەیاند" بابەتی خەرجنەکردنی مووچە و برسیکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری هەرێمی كوردستانیش دەبێت ئەولەویەت بێت بە لای هەموو لایەکەوە و هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت".

ئاماژەی بەوەشدا بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی دیکەشیان لەسەر پرسی مووچە هەبوو،" ئەمڕۆش هەوڵەکانمان لە ڕووی یاسایی و ئیداری بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە بەردەوام دەبن".



PM:01:46:17/06/2025