بۆ بەهێزکردنی توانای ژنانی ڕۆژنامەنوس ژمارەیەک ڕێنمایی ئاراستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکرێت

وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ژمارەیەک ڕاسپاردە سەبارەت بە بەهێزکردنی توانای ژنانی ڕۆژنامەنووس ئاڕاستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن كراوە". 

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ژمارەیەک ڕاسپاردە سەبارەت بە بەهێزکردنی توانای ژنانی ڕۆژنامەنووس بە مەبەستی بڕەودان بە یەکسانی و هاوبەشیکردنی ژنان لە وێستگەكانی بەڕێوەبردن ئاڕاستەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕاسپاردەکان لەلایەن سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ بە هاوبەشی ڕێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا خراوەتەڕوو و ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کراون.

دەقی ڕاسپاردە و پێشنیازەکان بەمشێوەیەن:

١-گرنگیدانی دامەزراوە میدیاییەکان بە خۆلی ڕاهێنان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ خۆپێگەیاندنی ژنان لە دامەزراوە میدیاییەکاندا.

٢-دانانی ڕێنمایی تایبەت بە ڕێگریی کردن لە هەراسانکردن و توندوتیژییە سێکسیییەکان لە دامەزراوە میدیاییەکاندا و ئەنجامدانی ڕاهێنان بە سەرجەم کارمەندەکانی دامەزراوەکە، کە لەسەر چۆنیەتی ناسینەوە و مامەڵە کردن لەگەڵ هەراسان و توندوتیژییە سێکسییەکان و ڕێکارەکانی ڕاپۆرتکردنیان.

٣-بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و کارکردنی میدیاکان لەسەر ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە تێروانییە هەڵە و باوەکانی تاک و کۆمەڵگە سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە ناو کۆمەڵگە و خێزان.

٤-فەرهەمکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەردەوامبوون و مانەوەی ژنان لە ناو دامەزراوە میدیاییەکاندا لە ڕێگەی ڕەخساندنی هەلومەرج و ئاسانکارییەکان بۆ ژنانی ڕاگەیاندنکار بە شێوەیەک لەگەڵ پێدوایستی و سرووشت و پێکهاتە بایلوژیەکەیدا بگونجێت.

٥-فشار خستنە سەر پەرلەمان بۆ چەسپاندنی سیستەمی کۆتا بۆ بەشداری پێکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە دامەزراوە میدیاییەکاندا.

٦-سەندیکای پارێزەران هاوکار بێت لەهەمبەر بەرگریکردن لە ڕاگەیاندنکارانی ژن، کە لە دامەزراوە میدیاییەکاندا ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە.

٧-گرنگیدان بەو وانە پراکتیکیانەی، کە لە ئەکادیمیەکانی ڕاگەیاندن دەخوێندرێت، کە پەیوەندیدارن بە هاوسەنگ کردنەوەی پێگەی ژن و پیاو لە ناو دەزگا میدیاییەکاندا.

٨-دامەزراوە میدیاییەکان سیاسەتی پۆلیسی تایبەت بە پرسەکانی ژنان و چۆنییەتی ڕۆماڵکردنیان دابرێژن.

٩-جیاکاری نەکردنی ڕەگەزیی لە کاتی بەخشینی خەڵات بە ڕۆژنامەنووسان.

١٠-لەبەرچاو گرتنی باڵانسی هاوسەنگی لە دامەزراندنی سەندیکا و ڕێکخراو و ئەنجوومەنی باڵای بوارەکانی میدیادا.

١١-دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەتمەند بە داکۆکیکردن لە ژنانی میدیاکار لە لایەن خودی خۆیانەوە.



PM:07:27:17/06/2025